Перейти к основному содержанию
Продолжая просматривать этот сайт, Вы соглашаетесь с нашими политиками:
x
Требуемые условия завершения


1. بەکارهێنان

1.10. هەڵسەنگاندن, نرخاندن


🎓 ئەرک

یەکێک لە تێزەکان هەڵبژێرە و ئەو بۆچوونە هەڵبسەنگێنە، کە لە دەقەکەدا دەربارەی ئەو تێزە هاتووە. بۆ ئەوە دەتوانیت ئەو دەربڕینانە بەکاربهێنیت، کە لە ڕاهێنانی ١.١٠ لە پەرتووکی „فەرمانەکان بناسە“ هاتوون.

تێزی ١
بابەت: دیموکراسی
تێز: „ئازادیی ڕادەربڕین لە دیموکراسیدا هیچ سنوورێکی نییە.“
بۆچوون: دژ بەو بۆچوونە / دژی ئەو تێزە

هەندێک کەس دەڵێن کە ئازادیی ڕادەربڕین لە دیموکراسیدا هیچ سنوورێکی نییە. بەڵام من پێم وایە کە مافی ئازادیی ڕادەربڕین بناغەیەکی گرنگە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد، بەڵام ئەم ئازادییەش سنووری خۆی هەیە .هەر کەسێک دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بەڵام تەنها ئەو کاتەی کە مافی کەسانی تر پێشێل نەکرێت. ئازادیی کەسی لەو شوێنەدا کۆتایی دێت، کە دەبێتە هۆی جیاکاری، سووکایەتی یان زیانگەیاندن بە کەسانی تر .ئەم ڕێسایە گرنگە، بۆ ئەوەی پێکەوەژیانێکی ڕێزدارانە لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر بکرێت. بۆیە ئازادیی ڕادەربڕین پەیوەستە بە بەرپرسیارییەتەوە و پێویستە هەمیشە بە ڕەچاوکردنی مافی کەسانی تر بەکاربهێنرێت.

تێزی ٢
بابەت: ژینگە
تێز: „پێستیسید/دژ بە زیانکارەکان باشترین ڕێگایە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیانکارەکان.“
بۆچوون: دژی ئەو تێزە / دژ بەو بۆچوونە

پێستیسیدەکان زۆرجار وەک باشترین ڕێگا بۆ کۆنترۆڵکردنی زیانکارەکان ناودەبرێن. بەڵام من پێم وایە، بەکارهێنانی پێستیسید لە کشتوکاڵی میوەدا ڕێگایەکی گونجاو نییە. لە جیاتی ئەوە، بەکارهێنانی ڕێگاکانی بایۆلۆجی بۆ کۆنترۆڵکردنی زیانکارەکان هەڵبژاردەیەکی باشترە. ئەم ڕێگایانە بۆ ژینگە باشترن و بۆ تەندروستیی مرۆڤ و سروشت کەمتر زیانبەخشن. ڕاستە کە بەهۆی ئەوەوە ڕەنگە بەرهەم کەمتر بێت و نرخی میوە بەرزتر ببێتەوە، بەڵام پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەران و مسۆگەرکردنی کشتوکاڵێکی بەردەوام لە درێژخایەندا گرنگترە.

تێزی ٣
بابەت: میدیا
تێز: „پێویستە بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەدا سنووردار بکرێت.“
بۆچوون: لەگەڵ ئەو تێزە

هەندێک مامۆستا داوا دەکەن کە بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەدا سنووردار بکرێت، چونکە مۆبایل دەتوانێت سەرنجی قوتابیان تێک بدات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر وانەکان هەبێت. منیش لەگەڵ ئەم بۆچوونەدام، چونکە مەترسی ئەوە هەیە کە قوتابیان چیتر نەتوانن باش سەرنج بدەنە ناوەڕۆکی وانەکان و بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان یارییەکانەوە سەرنجیان بڵاو ببێتەوە. هەروەها مۆبایل دەتوانێت کێشەی وەک سووکایەتی و ئازاردان/ سایبەرمۆبینگ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە زیاد بکات. بۆیە سنووردارکردنی بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.

تێزی ٤
بابەت: تەندروستی
تێز: „تەندروستی یەکەم مەرجە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ژیانی ڕۆژانە بە چالاکی و دڵخۆشی بەڕێوە ببات.“
بۆچوون: لەگەڵ ئەو تێزە

زۆرجار دەبیستین کە تەندروستی یەکەم مەرجە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ژیانی ڕۆژانە بە چالاکی و دڵخۆشی بەڕێوە ببات. من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدام. بۆ مانەوە بە تەندروستی، خواردنی هاوسەنگ و جووڵەی بەردەوام ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە. بەڵام زۆرجار مرۆڤ تەنها ئەو کاتە بایەخی تەندروستی دەزانێت، کە تەندروستییەکەی تێک دەچێت یان نەخۆش دەکەوێت. بۆیە گرنگە مرۆڤ لە تەمەنێکی زووەوە هەنگاو بۆ پاراستنی تەندروستی بنێت، گرنگی بە شێوازی ژیانی تەندروست بدات و هەوڵ بدات پێشگیری لە نەخۆشی بکات. بەو شێوەیە دەتوانرێت لە درێژخایەندا تەندروست و چالاک بمێنرێتەوە.

تێزی ٥
بابەت: قوتابخانە
تێز: „ئەگەر وانەکان لەبری کاتژمێر ٨ لە کاتژمێر ٩ دەست پێ بکەن، قوتابیان توانای فێربوون و کارکردنیان زیاتر دەبێت.“
بۆچوون: لەگەڵ ئەو تێزە

لە هەندێک قوتابخانەدا پڕۆژەی تاقیکردنەوە هەیە، کە تێیدا وانەکان لەبری کاتژمێر ٨، لە کاتژمێر ٩ دەست پێ دەکەن. پێشبینی دەکرێت کە بەهۆی ئەوەوە توانای فێربوون و کارکردنی قوتابیان زیاتر ببێت. منیش پێم وایە، ئەگەر وانەکان لەبری کاتژمێر ٨، لە کاتژمێر ٩ دەست پێ بکەن، توانای قوتابیان بەرزتر دەبێت. چونکە قوتابیان بەیانیان کاتی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بە پێویستی بخەون، و ئەمەش دەتوانێت سەرنج و تێگەیشتنیان باشتر بکات. بە تایبەتی لاوان پێویستیان بە خەوی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی تەندروست و بەتواناتر بمێننەوە. هەروەها دەستپێکردنی وانەکان لە کاتژمێرێکی دواتر، سترێسی بەیانی کەم دەکاتەوە، چونکە قوتابیان و دایک و باوکیان کەمتر دەکەونە ژێر فشاری کات.